مێیە کۆئەندامی زاوزێ

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-24-11:59:00 - کۆدی بابەت: 499
مێیە کۆئەندامی زاوزێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هێلكەدانەكان مێیە توخمە ڕژێنن، هەروەكو گونەكان، كوێرە ڕژێنن، گەمیتەكان دروست دەكەن. مێیە كۆئەندامی زاوزێ مێیە گەمیتەكان ئامادە دەكات، واتە هێلكەكان بۆ پیتێنی چاوەڕوانكراو، ئەم كۆئەندامەش پێكهاتەی وای تێدایە، دەتوانن ڕوودانی كرداری پیتێن بەرجەستە بكەن ، و كۆرپەلە بگرێتە خۆی ، و خۆراكی پێ بدات بە درێژایی قۆناغەكانی گەشكردنی.

 

پێكهاتەكانی زاوزێی مێیە

مێیە كۆئەندامی زاوزێ دوو هێلكەدانی شێوە بادەمی تێدایە، دەكەونە ناوچەی خوارەوەی سك. ئەمانەش دوو ئەندامی بەرهەمهێنانی گەمیتەكانن، لە مێیە كۆئەندامی زاوزێی مرۆڤدا. هێلكەكان پێدەگەن لە نزیك ڕووی هێلكەكاندا، كە درێژییەكەی نزیكەی 3.5سم و تیرەكەشی نزیكەی 2سم دەبێـت. هێلكەی پێگەیشتوو دەردەپەڕێت و دەگوازرێتەوە بۆ سكە كەلێن، كە بە جووڵەی كوڵكەكان پاڵدەنرێت بۆ دەرچەی جۆگەی ڤالوب كە نزیكیەتی، هەروەها گرژبوونی ڕێكوپێكی لووسە ماسولكەكانی جۆگەی ڤالۆب ، هێلكەی پێگەیشتوو بۆ خوارەوە دەجوڵێنێت، و دەیگوازێتەوە بۆ منداڵدان، منداڵدان ئەندامێكی ماسولكەیی كلۆرە، قەبارەكەی نزیكەی قەبارەی مشتەكۆڵەیەكی بچووكە. ئەگەر پیتێنی هێلكە ڕووبدات ئەوا گەشەدەكات و پەرە دەسێنێت لە منداڵداندا.

بە دەروازەی خوارەوەی منداڵدان دەڵێن ملی منداڵدان. ماسولكەیەكی گوشێنەر، دەست دەگرێت بەسەر دەرچەی منداڵداندا، كە لە ملی منداڵداندا هەیە. ملی منداڵدانیش بەستراوە بە بۆرییەكی ماسولكەییەوە، پێیدەڵێن زێ، ئەویش تۆوەكان لە چووەكەوە وەردەگرێت، هەروەها ئەو جۆگەیەش پێكدێنێت كە لە كاتی منداڵبووندا كۆرپەلە بە ناویدا تێدەپەڕێت.

 

دروستبوونی هێلكە

كە مێیە لە دایك دەبێت، لە هەردوو هێلكەدانیدا زیاتر لە 400000 هێلكە هەڵدەگرێت، ئەو هێلكانەش پێنەگەیشتوون، ناتوانرێت بپیتێنرێن. كۆی ژمارەی هێلكە پێگەیشتووەكان، كە مێیە بەرەڵایان دەكات، لە قۆناغی پێگەیشتن تا تەمەنی 50 ساڵی نزیكەی لە نێوان 300 تا 400 هێلكەدایە. واتە بە تێكڕای نزیكەی یەك هێلكە لە هەر 28 ڕۆژێكدا، ئەوەش مانای ئەوەیە ڕێژەی ئەو هێلكانەی كە پێدەگەن 1% تێپەڕ ناكات.

دروستبوونی هێلكە هەروەكو دروستبوونی تۆوەكان بە كەمە دابەشبوون بەرهەمدێن. لەبەر ئەوە هەر هێلكەیەكی پێگەیشتوو لە مرۆڤدا 23 كرۆمۆسۆمی تێدایە (تاك كۆمەڵەی كرۆمۆسۆمییە). بە پێچەوانەی دروستبوونی تۆوەكان، بەڵام لە كرداری دروستبوونی هێلكەداچوار خانە پەیدا دەبێت، لە هەر خانەیەك كە بە كەمە دابەشبووندا دەڕوات لە نێوانیاندا یەك هێلكە كارایە. هێلكە پێنەگەیشتووەكان هەموویان دەست دەكەن بە كەمە دابەشبوون، بەڵام لە قۆناغی ئامادەیی یەكەمدا دەوەستن، هەتا مێیە دەگات تەمەنی توخمە پێگەیشتن. لەو كاتەدا توخمە هۆرمۆنەكان هانی پێگەیشتنی هێلكەكان دەدەن. ئەو هۆرمۆنانەش هانی 10 تا 20 هێلكەی پێنەگەیشتوو دەدەن، بۆ پێگەیشتن هەر 28 ڕۆژێك.

بۆ تێهەڵچوونەوەی كەمە دابەشبوون تەنها یەكێك لەم هێلكانە دابەش بوونی یەكەمی كەمەدابەش بوون تەواو دەكات و لە هێلكەدان دەردەچێت، لە دابەشبوونی یەكەمی كەمە دابەشبووندا دوو خانەی تاك كۆمەڵەی كرۆمۆسۆمی پەیدا دەبن، یەكێكیان زۆربەی سایتۆپلازمەكەی تێدایە، دەتوانێت ببێتە هێلكەی پێگەیشتوو. خانە تاك كۆمەڵە كرۆمۆسۆمییەكەی دووەم، یان جەمسەر تەنی یەكەم لە مرۆڤدا بڕێكی زۆر كەم سایتۆپلازمی تێدایە دەمرێت، بێ ئەوەی سەر لە نوێ دابەش ببێـت، دابەش بوونی دوەمی كەمە دابەشبوون ڕوونادات، ئەگەر تۆو هێلكە نەپیتێنێت. ئەگەر پیتێن بەجێهات، ئەوا هێلكە دابەش بوونی دووەمی دووەمی كەمە دابەشبوونی بەسەردا دێت، بۆ پەیدا كردنی هێلكەی پێگەیشتوو وە جەمسەر تەنی دووەم. جەمسەر تەنی دووەم دەمرێـت. بەڵام هێلكەی پێگەیشتوو زۆربەی سایتۆپلازمەكەی دەهێڵێتەوە. كە خۆراكە ماددەكان بۆ هێلكە دابین دەكات، لە ماوەی قۆناغە زووەكانی گەشە و پەرەسەندنیدا. هێلكە نزیكەی 75000 جار گەورەترە لە تۆو، دەتوانرێت بە چاوی ئاسایی ببینرێت.


سەرچاوەکان



6504 بینین